سەرکێشی بە خاک و خەڵکەوە مەکەن !
ئاوات جەمال
سوریا و تورکیا ، ئێران و عێراق دراوسێتە ، زل هێزێکیش لە دوورەوە چاوی لێتە و بەرژەوەندی هەیە ، هەر بزانێ بەرژەوەندییەکەی لە خەتەردایە لێ ناگەڕێ عێراقی و ئێرانی ئەو هەرێمەی کوردییەش بگرنە دەست ، دیارە پارتی و یەکێتی کە پێک نایەن قەوارەکەیان بۆ ئەو “ئەمریکا” داناوە خۆی حەل و فەسڵی بکات .هێشتا کابینەی دەھەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک نەهاتووە ، هەر چەندە نزیکەی ساڵ و نیوێک بەسەر هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 تێپەڕیوە . جیاوازی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر شێوەی بەشداری لە دەسەڵات و دابەشکردنی پۆستە گرنگەکان، بە تایبەتی وەزارەتە سیادییەکان و پرسی “هاوبەشی ڕاستەقینە” لە حکومەتدا بووەتە بەڵا . لە مانگی نیسان و ئایاردا هەندێک سەرکردەی یەکێتی ووتیان پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ پارتی زۆر لاواز بوون و هەندێک گفتوگۆش بۆ ماوەیەک وەستابوو ، بە کورتی هەرێم لە دۆخێکی بنبەستی سیاسی درێژخایەندایە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەرگای گفتوگۆ داخراو نییە و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەھەم بەردەوامن ، ئەگەر زیاتر تێک نەدرێ و دادگای فیدڕاڵی نەیاتە ناوەوە بۆ بڕیاردان لە حکومەت .لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان لە نێوان دوو بەرداشدایە فشاری دەرەکیی داڕێژراو کە بۆ بچووک کردنەوەی قەوارەکەیەتی ، وە داڕمانی ناوخۆیی بەهۆی پەکخستنی دیموکراسی و شەرعیەتی دامەزراوەکانەوە تایبەت بە دۆخی عێراق و هەڵوەشانەوەی گروپەکانی بەرەی مقاوەمە.ئەمریکا هیچی بۆ کورد پێنیە و بەرژوەندیی گەورەتری هەیە ، بۆ ئەو پارتی و یەکێتی نێچیرێکی کەمترن . لە ڕاستیدا سەرکردەکانی کورد لە هەرێمی کوردستان ئەوە باش دەزانن بەڵام پاوان خوازی چاو بەستی کردوون ، ئەوەتا ئێستا دەیانەوێت پرسیار بخەنە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بڵێن ئەگەر حەشد کۆتایی پێبێت دەبێت پێشمەرگەش هاوشێوەی ئەوان مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ئەم تێڕوانینە غەدرێکی مێژوویی و دەستوورییە و بەراوردێکی زۆر نادروست و نامەنتیقانەیە ، خەتاکە دەکەوێتە لای پارتی و یەکێتی .قۆناغێکی مەترسیدار و چارەسەری ئەم چەق بەستووییە تەنها یەک ڕێگای هەیە ئەویش ملکەچ بوونە بۆ ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ڕێز گرتنی دەنگی دەنگدەران و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و قوڵ کردنەوەی ڕۆحیەتی دیموکراسی و تێپەڕاندنی عەقڵییەتی پشک کاریی کۆن و پێکهێنانی بەپەلەی کابینەی دەیەم .تەنها لەم ڕێگەیەوە هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە یەکگرتوویی و بە هێزێکی دامەزراوەییەوە ڕووبەڕووی ئەو گۆڕانکاری و ئاڵنگارییە سیاسییانە ببێتەوە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە ، لەدەرەوەی ئەمە هەر هەنگاوێکی دیکە موجازەفەیە بە ئایندەی گەلێکەوە کە سەد ساڵە خەبات دەکات و خوێن دەبەخشێت بۆ گەشتن بە ئازادی یەک جارەکی و خەڵک و خاک دانە بە بێگانە .
