سەرەبابەت

هاووڵاتییانی کوردستان لە نێوان ئاگری دەروونیی دوژمن و دۆزەخی دەسەڵاتی کوردیدا

ئاکام عبدالله صدیق

ئەگەر سەیری ژیانی ئەمڕۆی هاووڵاتیی کورد بکەین لە هەرێم، دەبینین لەناو دۆخێکی یەکجار غەریب و سەختدا دەژی. ژیانێک کە لە هیچ لایەکەوە دڵنیایی تێدا نییە؛ نە لە دەرەوە و نە لە ناوەوە.​لەلایەکەوە، دوژمنانی کورد بەردەوامن لە جەنگی دەروونی. بە درۆن و موشەک و هەڕەشەی ڕۆژانە، وایان کردووە کەس هەست بە ئارامی نەکات. ئەمە تەنها هێرشی سەربازی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ ئەوەی ئیرادەی تاکی کورد بشکێنن و هەمیشە لە دڵەڕاوکێدا بیهێڵنەوە.​لەلایەکی تریشەوە، دەسەڵاتی کوردی لە جیاتی ئەوەی ببێتە سێبەر و پەناگە بۆ خەڵکەکەی، خۆی بووەتە جۆرێکی تر لە فشار. کاتێک هاووڵاتی دەبینێت خاکی داگیر دەکرێت و لە ناوخۆشدا نادادی، گەندەڵی، و بێبازاڕی تەنگی پێ هەڵچنیوە، ئیتر هەست بە بێ کەسی دەکات. دۆزەخی ڕاستەقینە لێرەدایە: کە نەتوانیت لەسەر خاکی خۆت بە شکۆوە بژیت و متمانت بە دەسەڵاتدارانی خۆت نەمێنێت.​ئەمڕۆ تاکی کورد لە نێوان ئەم دوو ئاگرەدا دەسوتێت. بێ ئومێدیی گەنجان و کۆچی بەکۆمەڵ، ئەنجامی ئەو بێباکی و گوێپێنەدانەیە کە بەرامبەر ئەم میللەتە دەکرێت. ناکرێت داوای خۆڕاگری لە خەڵک بکرێت، لە کاتێکدا لە ناوەوە نادادی و هەژاری باڵی بەسەر ژیانیاندا کێشاوە.

من چالاکوان و ڕۆژنامەوانی سەربەخۆم، هاودامەزرێنەری کورد تەلەگرافم I am an activist,independent journalist, and co-founder of Kurd Telegraph.

لەبیرت بێت