کاتێک ڕاستی دەبێتە تاوان

ريبوار ياسين فتاح

لە جیهاندا ڕۆژنامەنووس وەک پاڵەوان ناسراون خەڵات دەکرێن کاتێک گەندەڵی و دۆسیە شاراوەکان ئاشکرا دەکەن، لای ئێمە پێچەوانەکەی ڕوودەدات؛ ڕاستی دەبێتە تاوان و ڕۆژنامەنووس دەبێتە تاوانبار.بۆ نموونە، لە ئەمریکا جولی کەی براون

(JULIE K. BROWN- THE MIAMI HERALD -)وەک ڕۆژنامەنووسێک گەورەترین دۆسیەی ئەخلاقی و دەستدرێژی سێکسی لە مێژووی وڵاتەکەیدا ئاشکرا کرد؛ دۆسیەی جێفری ئێپستاین، کە چەندین سەرۆک، ملیاردێر و بەرپرسی باڵای جیهانی تێدا ناویان هات.هیچ کەسێک بە “سیخوڕ” تۆمەتبار نەکرا، هیچ کەسێکیش نەگوت “مەترسییە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی”. بە پێچەوانەوە، وەک پاڵەوان ناسرا، خەڵاتی نێودەوڵەتی پێبەخشران و ڕێز و پێزانینی کۆمەڵگا بەدەست هێنا.بەڵام لە هەرێمی کوردستان، شێروان شێروانی تەنها ویستی پەردە لەسەر گەندەڵی و هەندێک دۆسیەی ئەخلاقی بەرپرسان هەڵبداتەوە. ویستی خزمەت بە کۆمەڵگا بکات، پاکی و ڕووناکی بخاتە شوێن تاریکی. بەڵام لەبری سوپاس و پشتگیری، بە زنجیرەیەک سیناریۆی بێ مانا ڕەوانەی زیندان کرا، تۆمەتە جۆراوجۆرەکان بۆ دروستکران و وەک مەترسی بۆ ئاسایش و ووڵات ناسێنرا.ئەمە جیاوازی نێوان دوو جیهانە:لە وڵاتانی خاوەن یاسا، ڕۆژنامەنووس چاوی کۆمەڵگەیە.لای ئێمە، دەسەڵات هەوڵ دەدات ئەو چاوە کوێر بکات، بۆ ئەوەی گەندەڵییەکانی بە ئارامی و سەلامەتی بەردەوام بن.کێشەکە تەنها شێروان نییە؛ کێشەکە ڕاستییە.ئەگەر ڕۆژنامەنووس تاوانبار بێت، ئەوا گەندەڵی دەبێتە یاسا.ئازادی بۆ شێروان شێروانی ئازادی بۆ ڕاستی ئازادی بۆ هەموو دەنگێکی ئازای.

من چالاکوان و ڕۆژنامەوانی سەربەخۆم، هاودامەزرێنەری کورد تەلەگرافم I am an activist,independent journalist, and co-founder of Kurd Telegraph.

لەبیرت بێت