کورد و هاوکێشەی مان و نەمان خیانەتێک تر بە ماسکێکی نوێوە
هاوکار والی
کورد و هاوکێشەی “مان و نەمان”؛ خیانەتێک تر بە ماسکێکی نوێوەئەگەر سەیری مێژووی سیاسیی جیهان بکەین، دەبینین کورد تاقە نەتەوەیە کە بە قەد قەبارەی جەستەی خۆی “خیانەتی” لێکراوە. لە پەیماننامەی لۆزانەوە کە تێیدا خەونی دەوڵەت بوو بە قوربانیی بەرژەوەندیی بریتانیا و فەرەنسا، تا دەگاتە ڕێککەوتننامەی جەزائیر لە ساڵی ١٩٧٥، کە تێیدا ئەمریکا و شا بە یەک واژۆ شۆڕشێکی گەورەیان تەنها بۆ ڕازیکردنی بەغدا فرۆشت.ئەم زنجیرە خیانەتە تەنها هی ڕابردوو نین، بەڵکو لە سەردەمی نوێشدا بەردەوامن. لە ساڵی ٢٠١٧دا، جیهان بێدەنگ بوو کاتێک کەرکووک کەوت و کورد تەنیا جێهێڵدرا، هەرچەندە چەند مانگێک پێشتر وەک “پارێزەری شارستانییەت” دژی داعش وەسف دەکرا. لە ڕۆژئاواش، چەندین جار گڵۆپی سەوز بۆ هێرشی دەوڵەتانی دراوسێ هەڵکرا، تەنها بۆ ئەوەی هاوسەنگییەکانی ناو ناتۆ تێک نەچێت.


