لافاوەکەی چەمچەمال ڕاستیەکان ڕووندەکاتەوە
ئاروەند ڕزگار
لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر چەند ناوچەیەک ڕووبەرووی لافاو بوونەوە، ئەوەی زیاتر بووە جێگەی سەرنجی خەڵکی هەرێمی کوردستان، ئەو کارەساتە و کاریگەرییەکەی بوو لەسەر چەمچەماڵ، کە کۆمەڵێک راستی دەرخست، کە دەبێ لە داهاتوودا کاری لەسەر بکرێت و هەموو لایەک دان بەو راستیانەدا بنێن و کار بکەن بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان و هەمووان بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی ئامادەی سازش بن.
بەداخەوە بەهۆی لافاوەکە زیانێکی زۆر بە ماڵی هاوڵاتیان کەوت، هەر ئەوەش نا چەند هاوڵاتیەک بەهۆی خراپی ژێرخانی ئاوەڕۆی شاری چەمچەمال خنکان
ئەگەر بەوردی سەیری هەڵوێستی زۆرینەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بکەین لە درێژایی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە کاریان لەسەر ناوچەگەری و شارچیەتی و دروستکردنی جیاوازیی نێوان شارەکانی هەرێم کردووە، بەڵام پێچەوانەی ئەم هەنگاوە، لە ماوەی کارەساتەکەی چەمچەماڵ، خەڵکی هەولێر و بادینان هەمیشە ئەم بانگەشەیەی ڕەت کردۆتەوە، هاوکات سەرمایەداران جارێکی تر وەک چۆن لە ڕابردوودا لە هەموو کارەساتەکان پیاوانە هاتوونەتە سەر تەخت، بە دەیان ملیۆن دیناریان بۆ هاوکاریی زیانلێکەوتووان کۆکردۆتەوە، بەشێوەیەکی تر، جارێکی دیکە خەڵکی کوردستان هەژمونی ناوچەگەریان ڕەتکردەوە کە هەمیشە خزمەتی بە ئەجێندای دوژمنانی کورد کردووە لە ڕابردوودا.
لەلایەکی ترەوە، خاڵێکی زۆر سەرنجڕاکێش لەم کارەساتەدا ئەوەیە، کە جیاوازیی خزمەتگوزاریی نێوان ئەم دوو زۆنەیە، هاوکات ئاستی بژێویی خەڵکی ئەم ناوچانە زۆر لە ئاستێکی مەترسیداردایە، لەهەمان کاتدا ئەوانەی مەبەستیان بوو بەخەڵکی کوردستان بڵێن لە خەبات و لاجان خەڵکی سنورەکە سوودمەند نین لە پرۆژەکانی وزە لەم ناوچانەدا، بەڵام پێچەوانەکەی دەرکەوت، بەشێوەیەک زۆرینەی خەڵکی ناوچەکە لەم پرۆژانە کاردەکەن، لە ماوەی ڕووماڵی چەند رۆژەی ڕابردووی کارەساتەکەی چەمچەماڵیشدا، ئەو راستییە دەرکەوت کە خەڵکی ناوچەکە بە هیچ شێوەیەک سوودمەند نین لە پرۆژەکانی وزە لەناوچەکەدا، هاوکات دەبێ هەمووان بزانن ئەگەر سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەم ناوچانە دەستکراوە بووایە، بارودۆچی ئەم ناوچانە بەم شێوەیەی ئێستا نەدەبوو، هەم لە رووی خزمەتگوزارییەوە و هەمیش لە کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم لافاوەکان.
ئێمە هیواخوازین ئەم حوکمڕانییە کۆتایی پێبهێنرێت کە بناغەکەی لەسەر بنەمای خێڵەکی و ناوچەگەری دامەزرێنراوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی یاسا و حوکمڕانی و چاودێری و دادگاکان وەکو بوکەڵە بەدەست دەستەڵاتدارانەوە بناڵێنن


