سەرەبابەت

شوناسی کورد  لەبەردەم هەڕەشەی تیاچوندا لە ناوچە کوردستانیەکانی کەرکوک و دوسخورماتو خانەقین.

سانکڵ حسین واحید

بێگومان هیچ گەڵێک و نەتەوەیەک لەم ڕوی زەمینەدا نیە بێ شوناس و ناسنامەیەک کە شانازی پێوەنەکات.بەڵام  کاتێک سەیری ناوچەکانی کەرکوک و دوسخورماتو و خانەقین دەکەین دەبینین شوناسی نوێ تیایدا سەرهەڵدەدات و شوناسی ڕاستەقینەی خۆی وا لەبەردەم تیاچوندایە، وەک ئەوەی خاکێک لەوەتی هەیە بە (دارتو و هەنار)نێژرابێت ئێستا وا وشک دەکرێن و لەشوێنیاندا (دارخورما) بچێنرێت.ئەوەی حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی عێراق بەرانبەر خاک و خەڵکی کورد دەیکەن لەو ناوچانەدا لەمێژوودا بەو شێوە پڕ مەترسیە و بەو ئاشکرایە ئەنجام نەدراوە..!پرسیارەکە ئەوەیە داخۆ بۆچی هێندە ئاشکرا و بە بەرچاوی تەواوی جیهانەوە ئەم پاکتاوی ڕەگەزی و وشک کردنی شوناسی کوردە  جێبەجێ دەکەن.؟ئەو دەست و دەم کراوەییە چیە کە وای کردوە بێ خەم کاری خۆیان و ژەهری پاکتاو کردن بڕێژن..؟دەکرێ دوو خوێندنەوەی لێ بکرێت :یەکەم: هەژمونی شیعەگەرای لەعێراقدا تا دێت پێ دادەکوتێت و خەریکە دەبێتە مەزهەبی یەکەم و کۆتایی عێراق، بە پاڵپشتی ئێران و پارە زۆر و زەوەندەکەی عێراق، جگەلەوەش بەگشتی لەڕوداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا ئەوە دەرکەوت ئەگەرچی عەرەب لەناوخۆیاندا ناتەبا بن بەڵام لەبەرانبەر کورد دا یەک ئەجێندا و ڕامان و ڕوانگەیان هەیە، ئەو چاونەترسی و بە ئاشکرا بەدیار چاوی جیهانەوە خەریکی جینۆساید و ئەنفالی سپین لەبەرانبەر کەرکوک و خانەقین و ناوچەکاتی تردا .دووەم: بێ باکی و خەوی غەفڵەتی دوو حیزبی دەسەڵاتی چەک بەدەستی یەکێتی و پارتی کە چاویان تەنها پارە دەبینێت و میلەت تەنها ئامرازیکە بۆیان، کاتێک میلیشیاکان گیرفانی ئەم دوو حیزبە گەرم دەکەنەوە بەپارەی باش و کاشی نەوتی عێراق ئیدی هیچ بیانویەکیان  نامێنێ بۆ هەڵوێست وەرگرتن ، لەکوردەواریدا دەڵێ (تازە نمەک گیریان بوون) بێگومان ئەگەر سەرانی یەکێتی و پارتی بە ئەخلاقەوە سیاسەتیان بکردایە نەیان دەتوانی موساوەمە بکەن لەسەر بستێ خاکی کوردستان و قەترەیەک خوێنی میلەتەکەیان ، بەڵام ئەوان دیارە کە ئەخلاقیان لێ داماڵراوە و تەنها ورگ و گیرفانی خۆیان لا بەهادار و پڕ بایەخە، هەر بۆیە نیشانی هەمو جیهان و میلەتی کوردیاندا لە سەدا پەنجاویەکی کوردستانیان زۆر ئاسان فرۆشت و بەئێستاشەوە  وا خەریکی فرۆشتنی شوناسی کەرکوک و خانەقینن.ئەم بێ دەنگیە و تەسلیم بونەی حیزبەکوردیەکان بە حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی عێراق ناکاتە ئەوەی ئیدی کەسی تر قسە نەکات و هەوڵی تر نەدرێت، نەخێر بەڵکو بەپێچەوانەوە تا کوردستان لەبەردەم ئەم مەترسیە جدیانەدا بێت ئێمەی چالاکوانان و نوسەران و گەنجان سیاسی لە تاراوگە زیاتر ئاگری خۆشەویستی خاک و نیشتیمان و خەڵکی خۆمان لە دەرونماندا تاو دەسەنێ و هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە.بانگ لە تەواوی ئازادیخوازانی تاراوگە بەتایبەت وڵاتی بەریتانیا دەکەین تا پێکەوە ئەم ستەمەی میلیشیاکان بە دونیا بناسێنین و جیهان لەم جینۆساید و ئەنفالە نوێیە ئاگادار بکەینەوە.

من چالاکوان و ڕۆژنامەوانی سەربەخۆم، هاودامەزرێنەری کورد تەلەگرافم I am an activist,independent journalist, and co-founder of Kurd Telegraph.

لەبیرت بێت