سەرەبابەت

شەڕی ژێرەوەو ئارامیی لوتکە، یاری پارتی و یەکێتی لە ڕامکردنی کۆمەڵگەدا

بڕوا پیرۆت موحەممەد – چالاکوان

دابەشکردن و پارچەپارچەکردن، فێڵێکی کۆنی دەسەڵاتە بۆ درێژەدان بە تەمەنی خۆی. کاتێک کۆمەڵگە بەسەر ئاستی جیاوازی سیاسی، ئابووری، فکری و کۆمەڵایەتیدا دابەش دەکرێت، مشتومڕ و جەنگێک لەنێوان هاووڵاتیاندا دروست دەبێت کە تەنیا تینوێتیی دەسەڵاتداران دەشکێنێت.

لە هەرێمی کوردستاندا، پارتی و یەکێتی ئەم یارییەیان بە ئەوپەڕی پیشەییەتییەوە بەڕێوە بردووە،یەکێک لە پلانە گڵاوەکانیان دابەشکردنی کۆمەڵگەیە بەسەر چین و توێژی جیاوازدا، لە ڕێگەی بەخشینی پلە، پۆست و ئیمتیازی ماددی و مەعنەوی بێ شایستەیی بە بەشێک لە خەڵک تاوەکو بیانکەن بە قەڵغان و پاسەوانی بەرژەوەندییەکانیان. لە بەرامبەردا، سەرکوتکردن، تەهدیدکردن و سزادانی بێبەزەییانەی ئەو بەشەی تری کۆمەڵگە دەستپێدەکات کە ڕەتیدەکەنەوە ببەخشڕێن یان سەر بۆ ئەم دابەشکارییە بچەمێننەوە.

ئەم دابەشکارییە تەنیا لە ڕووی سیاسییەوە ناهێڵدرێتەوە، بەڵکو پەڕیوەتەوە بۆ ناو جەستەی کۆمەڵگە و پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانیشی ژەهراوی کردووە. دەسەڵاتدارانی زۆنەکان هەمیشە هەوڵیان داوە ترس و گومان لە نێوان شارەکان و دەڤەرە جیاوازەکاندا بچێنن، تاوەکو هاووڵاتیان لەجیاتی ئەوەی پێکەوە ڕووبەڕووی سەرچاوەی سەرەکیی قەیرانەکان ببنەوە، سەرقاڵی گوناهبارکردنی یەکتری بن.

ئەو کەسانەی لە لوتکەی دەسەڵاتدا دانیشتوون، خۆیان ناچنە ناو جەنگەکەوە،وەک تەماشاکارێکی ئارام لە شوێنی بەرزەوە سەیری ململانێ و یەکترخوردنی خەڵک دەکەن و دەستەکانی خۆیان بە ئاگری ناڕەزایەتییەکان داغ ناکەن. تا بڵێسەی ئەم جەنگە ناوخۆیی و کۆمەڵایەتییە بەردەوام بێت، جێگەی ئەوان و کورسییەکانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پتەوتر و ئارامتر دەبێت و گەیشتن بە ئامانجەکانیان ئاسانتر دەبێت، چونکە کۆمەڵگەیان گرفتار کردووە بەوەی تەنیا خەمی نانی بەیانی و هەوڵی مانەوە بدەن، نەک بیرکردنەوە لە گۆڕینی بنچینەییی سەرجەم یارییەکە.

لەبیرت بێت