سەرەبابەت

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی گەورەی سیاسی و ئاسایشی بووە

دانا صباح قادر

کە سەرچاوەی سەرەکیی ئەو قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەت و ڕەفتاری هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و هەروەها زۆربەی حیزبە سیاسیەکانی دیکە. لە کاتێکدا ناوچەکە بە گشتی تووشی نائارامی و جەنگی نێوان وڵاتانی گەورە بووە، بە تایبەتی جەنگی نێوان ئیسڕائیل و ئێران، هەرێمی کوردستان بووەتە یەکێک لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەهۆی ئەو دۆخەوە.هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە ڕووی فەرمییەوە هەوڵیداوە بێلایەن بمێنێتەوە و نەچێتە ناو ئەو جەنگە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕۆژانە بە مووشەک و درۆن هێرش دەکرێتە سەر ناوچە جیاوازەکانی، بە تایبەتی سلێمانی و هەولێر و کۆیەو چەندین ناوچەیتر. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەک لە پێشمەرگە و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆرتر، هەروەها بوونەتە هۆکاری دروستبوونی ترس و نائارامی لە ناو هاوڵاتیاندا و تێکچوونی دۆخی ئابووری و گرانبوونی بازاڕ.لە هەمان کاتدا، هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی بەردەوام بە هێرشە درۆنیەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، کە ئەمەش نیشانەی لاوازیی ڕوونی سیستەمی پاراستن و بەرگریی هەرێمە. ئەم دۆخە بە ڕوونی دەریدەخات کە دەسەڵاتدارانی ئێستای هەرێم ناتوانن پارێزگاری لە سنوور و ئاسایشی هاوڵاتیان بکەن.لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە، هەردوو حیزبی پارتی و یەکێتی لە ماوەی دەسەڵاتدارییاندا هیچ پێشکەوتنێکی بنچینەیییان بە هەرێمی کوردستان نەبەخشیوە. بە پێچەوانەوە، زۆربەی کاتەکانیان بە خەریکی دزی و گەندەڵی و بەکارھێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان و بنەماڵەکانیان بوون. ئەم ڕەفتارە بووەتە هۆی لاوازبوونی دامەزراوەکانی دەوڵەت و نەبوونی سیستەمێکی بەهێزی بەرگری و پاراستن.لە هەمان کاتدا، سیاسەتی دەرەکیی ئەم حیزبانە زۆرجار لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی وڵاتانی دەرەوە وەک تورکیا و ئێران دروست کراوە، نەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەی کورد. ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان لە زۆر کاتدا ببێتە مەیدانی ململانێی ئەو وڵاتانە، بێ ئەوەی بتوانێت خۆی بپارێزێت یان بڕیارێکی سەربەخۆ وەربگرێت.لە کۆتاییدا، ئەو دۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان تەنها ئەنجامی دەرەوە نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری ئەو قەیرانە پەیوەندیدارە بە سیاسەت و شێوازی بەڕێوەبردنی ناوخۆیی. تا کاتێک گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە سیستەمی سیاسی و شێوازی دەسەڵاتداری دروست نەکرێت، هەرێم هەمیشە لە مەترسی و نائارامی و لاوازی دەبێت، و هاوڵاتیانی کوردستان هەمیشە قوربانی ئەو سیاسەتانە دەبن.

من چالاکوان و ڕۆژنامەوانی سەربەخۆم، هاودامەزرێنەری کورد تەلەگرافم I am an activist,independent journalist, and co-founder of Kurd Telegraph.

لەبیرت بێت