کوردستان لە نێوان بەرداشی زلهێزەکان و بێباکیی یەکێتی و پارتی
ئاکام عبدالله صدیق
ئەمڕۆ کە سەیری هەواڵەکان دەکەین، دڵەڕاوکێیەکی زۆر باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە. ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتووەتە شوێنێک کە چیتر تەنها “شەڕە دەنوک” نییە، بەڵکو مەترسییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر هەموومان. بەڵام پرسیارە جدییەکە ئەوەیە: ئێمە وەک کورد جارێکی تر دەبینەوە بە قوربانی؟بەداخەوە، جگە لە مەترسییە دەرەکییەکان، دەردی گەورەی ئێمە لە ناوخۆدایە. پارتی و یەکێتی بەهۆی ململانێی تەسکی حیزبی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، خاکی هەرێمیان کردووەتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی جەنگی وڵاتانی تر. هەر لایەکیان بۆ مانەوەی خۆی، پەنا دەباتە بەر بەرەیەکی ئیقلیمی، ئەمەش وایکردووە سەروەریی خاکمان ببێتە گاڵتەجاڕی دەستی زلهێزەکان.ئەو ئابوورییە شەرمن و فشۆڵەی هەمانە، بەرهەمی ساڵانێکی زۆر لە شکستی ئیداریی ئەم دوو حیزبەیە. لە جیاتی ئەوەی ژێرخانێکی بەهێز بۆ ئەم نەتەوەیە دروست بکەن، خەریکی قۆرخکاری و کۆکردنەوەی سەرمایەی حیزبین. بۆیە لە کاتی هەر تەقینەوەیەکی دۆخەکەدا، یەکەم کەس کە باجەکەی دەدات و قوتی دەبڕدرێت، خەڵکی هەژارە نەک بەرپرسەکان.کات ئەوەیە تێبگەین کە تەنها “نەوت” نەعلەت نییە، بەڵکو پەرتەوازەیی و بێباکیی سیاسیی پارتی و یەکێتی مەترسیی گەورەترن. ئەگەر بەم عەقڵییەتەوە بەردەوام بن و نیشتمان نەکەنە ئەولەویەت، مێژوو بە ڕەحم نابێت و جارێکی تر دەبینەوە بە سوتەمەنی شەڕێک کە هیچ سوودێکی بۆ ئێمە تێدا نییە.خوایە ئەم نیشتمانە لەم ئاگرە بپارێزە.

