سەرەبابەت

پەرلەمانی کوردستان داخراوی دیموکراسی و بەرهەمی شکستی سیستەمی سیاسی

ڕێژوان عبدالله

داخراوەبوونی پەرلەمانی کوردستان تەنها ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی ڕوون و بێگومانە لە شکستی سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. دامەزراوەیەک کە دەبوو بنکەی دیموکراسی، دەنگی گەل و چاودێری دەسەڵات بێت، بووە بە قوربانیی دەستبەسەڵاتی حزبەکان و بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان.پەرلەمان داخراوە چونکە دەسەڵات نایەوێت چاودێری بکرێت. ئەوە ڕاستییەکە. کاتێک نوێنەران ناتوانن پرسیار بکەن، حکومەت حساب نەدات، یاسا پێشێل دەکرێت و هیچ دەسەڵاتێک نییە بۆ ڕاگرتنی خراپەکاری، ئەوا داخراوەبوونی پەرلەمان بۆ دەسەڵات دەبێت باشترین هەڵبژاردە. ئەمە دیموکراسی نییە، ئەمە دیکتاتۆرییە بە ناوی یاسا.ململانێ سیاسییەکان کە هۆکاری داخراوەبوونی پەرلەمان ناودەبرێن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان بەهۆانەیەک زیاتر نین. کێشەکە ململانێ نییە، کێشەکە ئەوەیە کە سیستەمێک دامەزراوە کە لەسەر بنەمای دەسەڵات و دەوڵەمەندییە، نە لەسەر بنەمای خزمەتکردن و بەرپرسیارێتی. پەرلەمان لەو سیستەمەدا پێویست نییە، چونکە پەرلەمان پرسیار دەکات و ئەوان پرسیار نایەوێت.داخراوەبوونی پەرلەمان تووکاندنی ئاشکرای مافی خەڵکە. دەنگی گەل لە هەڵبژاردنەکاندا دراوە، بەڵام لە پەرلەماندا کوژراوە. ئەمە واتە نوێنەرایەتییەکی فۆرمالی بێ ناوەڕۆک، واتە دیموکراسییەکی درۆین کە تەنها بۆ جوانکردنی ڕوخسار بەکاردێت.ئەگەر پەرلەمانی کوردستان نەکرێتەوە، ئەوا قسەکردن لە یاسا، دەستوور و دیموکراسی گاڵتەیە. هیچ حوکمڕانییەک بێ پەرلەمان ناتوانێت خۆی بە دیموکرات بنێرێت. داخراوەبوونی پەرلەمان واتە داخراوەبوونی داهاتووی سیاسی هەرێم، و ئەم بارودۆخە هەر بەردەوام بێت، زیانەکەی گەورەتر دەبێت بۆ متمانەی خەڵک و بۆ بنچینەی کۆمەڵگا.پەرلەمانی کوردستان پێویستە بکرێتەوە، نەک وەک خۆشی دەسەڵات، بەڵکو وەک مافی گەل. هەر شتێک جگە لە ئەمە، اعترافێکی ڕوونە بە مردنی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان.

لەبیرت بێت